کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی ٩٠٪ی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز

13:17 - 24 گەلاوێژ 2726

بەپێی دوایین ئامارە نێودەوڵەتییەکان، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥ مانگ بەسەر دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا بەراورد بە سەردەمی پێش دەستپێکردنی ڕووبەڕووبوونەوەکان بە ڕێژەی ۹۰ لەسەد کەمی کردووە.

دامەزراوەی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند کە ئاستی پەڕینەوەی کەشتییەکان زۆر لە خوار ئاستی ئاسایی خۆیەتی.

جان ستاپێرت، بەڕێوەبەری دەریایی لە ژووری نێودەوڵەتیی کەشتیوانی لە لێدوانێکدا بۆ کاناڵی "فاکس نیوز"ی ڕایگەیاند کە ئەگەرچی ئاڵۆزییەکان هاتوچۆیان بەتەواوی نەپچڕاندووە، بەڵام باری کەشتیوانی بووەتە پرۆسەیەکی دەورەیی؛ بەجۆرێک بە کاتی ئاگربەست ئاستی پەڕینەوەکانی نێو کەنداو زیاد دەکەن و بە شکانی ڕێککەوتنەکان دیسان دادەبەزنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، شیرکەتی زانیاریی بازرگانیی "کێپلێر" ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە حەوت ڕۆژی پێش ٢٢ی گەلاوێژدا، بە گشتی ١٥١ پەڕینەوەی تەواو لە گەرووی هۆرمۆز تۆمار کراوە، کە ٧٥یان تایبەت بووە بە چوونەدەرەوەی کەشتییەکان لە کەنداو و ٧٦یشیان پەیوەندیی بە هاتنەناوەوەی کەشتییەکانەوە هەبووە.

جان ستاپێرت جەختیشی کردەوە کە بەردەوامیی هەڕەشەی مینڕێژکردنی ئاوەکان لە کەنداو، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و نەرێنیی لەسەر دابەزینی ئاستی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەم ڕێڕەوە ئاوییە داناوە.