کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی چوار مانگدا بازرگانیی دەرەکیی ئێران ٣٠ لەسەد دابەزیوە

13:19 - 24 گەلاوێژ 2726

بازرگانیی دەرەکیی ئێران لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی نزیکەی ٣٠ لەسەد، دابەزینێکی پێوانەیی و بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەوەش دەرخەری قەیرانی قووڵی ئابووری و بازرگانیی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێرانە.

محەممەدسادق قەنادزادە، جێگری خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی ڕێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ڕێژیم، هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانەی بۆ بارودۆخی ناسەقامگیر و دۆخی شەڕ و هەروەها داخستن و پچڕانی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی دەریایی گەڕاندەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە هەناردەکردن و هاوردەکردنی کاڵاکان بە نزیکەی هەمان ڕێژەی ٣٠ لەسەدی کەمی کردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی گومرگ، ئێران لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بڕی ٣٤ میلیارد دۆلار، بازرگانیی غەیرەنەوتی هەبووە. بەهۆی ئەو پاشەکشە ٣٠ لەسەدییەی ئەمساڵەوە، ئەو ڕێژەیە بۆ کەمتر لە ٢٤ میلیارد دۆلار دابەزیوە.

بەرپرسانی بازرگانیی ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدەن بازرگانی گواستنەوەی وشکانی وەک جێگرەوەیەک بە تێچووی زۆر و بە شێوازی هێمنانە لەبری ڕێڕەوە ئاوییەکانی باشووری ئێران بەکار بێنن.

لەو پێوەندییەدا مەجیدڕەزا حەریری، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و چین، لەبارەی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هۆشدارییەکی توندی دا.

ناوبراو جەختی کردەوە کە تێچووی گواستنەوەی باری وشکانی تەنها لە وڵاتی چینەوە بۆ ئێران، چوار هێندەی تێچووی گواستنەوەی دەریاییە، کە ئەمەش قورساییەکی دارایی ئێجگار گەورە لەسەر شانی بازرگانان دروست دەکات و کێبڕکێی کاڵا ئێیرانییەکان لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا لاوازتر دەکات.

شایانی باسە بەهۆی شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە گەرووی هۆرمۆز، ئەمریکا لە بەرانبەردا گەمارۆی دەریایی دژی ڕێژیم ڕاگەیاند و ئەو گەمارۆیە لە ئاستێکدا شوێندانەریی نەرێنیی لەسەر تاران داناوە کە مەسعوود پزیشکییان دانی بەوەدا ناوە کە ئابووریی ئێرانی بە تەواوی ئیفلیج کردووە.