دوو حەفتە دوای کۆتاییهاتنی مانگرتنی ١٧ ڕۆژەی بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار، بەرپرسانی ئەم بەندیخانەیە پرۆسەی گواستنەوەی بەندکراوانی هۆڵی ٤یان بە پاساوی «نۆژەنکردنەوە و گواستنەوەی خۆبەخشانە» دەست پێکردووە، کە ئامانج لێی، بڵاوەپێکردنی ناڕازییان بە سزای لەسێدارەدان و ڕێگری لە پێکهاتنی ناڕەزایەتییە بەکۆمەڵەکانە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند کە بەرپرسانی بەندیخانە بە بیانووی نۆژەنکردنەوە، دەیانەوێت بەندکراوانی هۆڵی ٤ی بەشی ٢ بگوازنەوە بۆ بەند و هۆڵەکانی تر.
هەروەها بە بەندکراوانیان ڕاگەیاندووە کە تاکوو ٢٥ی گەلاوێژ، مۆڵەتیان هەیە داواکاریی گواستنەوەی خۆیان بۆ ئەو بەشەی مەبەستیانە پێشکەش بکەن؛ هەنگاوێک کە بە وتەی سەرچاوەکانی ئەم ڕێکخراوەیە دەتوانێت بەستێنی گواستنەوەی زۆرەملێی بەندکراوان لە چوارچێوەی «گواستنەوەی خۆبەخشانە»دا خۆش بکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند بەرپرسانی بەندیخانە دەیانەوێت ڕێکخەرانی مانگرتنەکە لە یەکتر جیا بکەنەوە و بیانگوازنەوە بۆ بەشەکانی تر، تاکوو لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی لەسێدارەدانە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، دەرفەتی پێکهاتنی مانگرتن و ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ کەم بکەنەوە.
بەشی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار خاوەنی پێنج هۆڵە کە دوو هۆڵیان تایبەت بە سزادراوانی مەحکووم بە سێدارە لە دۆسییە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانە. پێش دەستپێکردنی گواستنەوەکان، زیاتر لە ٣٠٠ بەندکراو لە هۆڵی ٤دا ڕادەگیران، بەڵام دوای گواستنەوە سەرەتاییەکان، ژمارەی بەندیخانەییانی ئەم هۆڵە بۆ نزیکەی ٢٠٠ کەس کەم بووەتەوە.
مانگرتن لە خواردنی ئەم دواییەی بەندکراوانی بەشی ٢ی قزڵحەسار لە ٢٢ی پووشپەڕ و دوابەدوای گواستنەوەی شەش بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان دەستی پێ کرد و ١٧ ڕۆژ بەردەوام بوو.