کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی هاوپەیمانیی دەریایی بە سەرکردایەتیی عەرەبستان و دەستبەکاربوونی فەرماندەییەکەی

13:26 - 24 گەلاوێژ 2726

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایگەیاند کە هاوپەیمانییە دەریاییە چەند نەتەوەییەکەی بە سەرکردایەتیی ئەم وڵاتە، ڕێکارە پێویستەکانی بۆ کارپێکردنی پێکهاتەکان و فەرماندەیی خۆی تەواو کردووە.

بە گوێرەی لێدوانی وەزارەتی بەرگریی عەرەبستانی سعوودیە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، نوێنەرانی ٣٩ وڵات لە ٣ـەمین کۆبوونەوەی پلاندانانی ئەم هاوپەیمانییەدا بەشدارییان کرد.

هەتا ئێستا ١٥ وڵات بەیاننامەی هاوبەشیان واژۆ کردووە و ١٣ وڵاتیش دوای تەواوکردنی ڕێکارە نێوخۆییەکان، پەیڕەوی هاوپەیمانییەکەیان واژۆ کردووە و ئەندامەتیی فەرمیی خۆیان ڕاگەیاندووە.

پێشتر سعوودیە سەرلەشکەر عەبدوڵڵا ئەلشەهری وەک فەرماندەی ئەم هاوپەیمانییە دیاری کردبوو، و ئێستاش بڕیار درا کە جێگری فەرماندە لە خولی یەکەمدا لە وڵاتی پاکستانەوە

هەڵبژێردرێت.

ئەم هاوپەیمانییە ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە؛ بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و ڕێڕەوە ئاوییەکان و هەروەها پشتیوانیکردن لە بازرگانی و زنجیرەکانی دابینکردنی  وزەی جیهانی بەتایبەتی لە دەریای سووردا.

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە دەڵێت کە هاوپەیمانییەکە ئێستا لە قۆناغی دروستکردنی پێکهاتەکانەوە بەرەو قۆناغی تێکەڵکردنی توانا و لێهاتووییەکانی وڵاتانی ئەندام و بەدەستهێنانی ئامادەیی ئۆپەراسیۆنی هەنگاو دەنێت.

ئەم هەنگاوە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە بەرانبەر مەترسییەکان بەتایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.