کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشکردنە سەر دوو نەوتهەڵگری ئێمارات لە گەرووی هۆرمۆز کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە

13:28 - 24 گەلاوێژ 2726

دوای ئەوەی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبووزەبی (ئادنۆک) لە گەرووی هۆرمۆز کەوتنە بەر هێرشێکی توند، ئەمڕۆ شەممە بەرپرسانی ناوچەکە بەرانبەر بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ستراتێژییەکانی ناوچەکە و ڕێڕەوە ئاواییەکان نیگەرانیی قووڵیان دەربڕی.

جاسم بەدیوی، سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەتوندی ئەو هێرشە توندوتیژەی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە هێرشی بەردەوام دژی کەشتی و دامەزراوە مەدەنییەکان بە ئاشکرا پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و قەبووڵنەکراوە.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بێ ئەوەی ئاماژە بە لایەنی هێرشبەر بکات، ئەو هێرشەی مەحکووم کرد.

قاهیرە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەستدرێژییە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی و ئازادیی کەشتیوانی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهانە.

میسر لە بەیاننامەیەکدا پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ وڵاتی ئێمارات دووپات کردەوە و داوای کرد هەموو ئەو هەنگاوانە ڕابگیرێن کە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەلامەتیی کەشتیوانی یان خستنە مەترسیی سەروەریی دامەزراوە مەدەنییەکان.

شارەزایانی سیاسی پێیان وایە کە دوبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە گەرووی هۆرمۆزدا، کە دەرکەی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی جیهانە، دەبێتە هۆی زیاتربوونی ناسەقامگیری و هەڕەشە بۆ سەر بازرگانی و ئارامیی وزە لە تەواوی جیهاندا، ئەمەش پێویستیی بە هەوڵە نێودەوڵەتییە خێراکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێکدادانێکی نوێ هەیە.

هەروەها ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئێمارات، لە لێدوانێکدا لەبارەی هێرشە دووبارەبووەکان بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبووزەبی، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی سیاسەتی ڕێگری و دیپلۆماسی، بەرگریکردن لە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و بەهێزکردنی هەڵوێستی یەکگرتووی وڵاتانی کەنداو بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە کردەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی سپای تێرۆریستیی پاسداران و گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکەی ناوچەکەوە لەوانەش حوسییەکانە، کەشتییە بازرگانییەکانی لە دەریای سوور و گەرووی هۆرمۆز دەکاتە ئامانج و وزەی جیهانیی خستووتە مەترسییەکی جیدییەوە.