کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی کەسوکاری تووشبووان بە نەخۆشیی «سی ئێف» لە بەردەم وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم

14:53 - 24 گەلاوێژ 2726

کۆمەڵێک لە کەسوکاری نەخۆشانی فیبرۆز کیستیک (CF)، ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژ، لە ناڕەزایەتیی بە گرانبوونی بەرچاو و نەبوونی دەرمانە پێویستەکانی تووشبووان، لە بەردەم وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمدا کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەران بە ئاماژەدان بە تێچووی قورسی چارەسەرکردن و سەختیی دەستکەوتنی دەرمان، داوایان لە بەرپرسانی ئەو وەزارەتەی ڕێژیم کرد کە بەپەلە بەدواداچوون بۆ دۆخی نەخۆشانی «سی ئێف» بکەن و دەرمانە سەرەکییەکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام دابین بکەن.

فیبرۆز کیستیک نەخۆشییەکی مەترسیدار و درێژخایەنە و نەخۆشان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لایەنە خراپەکانی ئەو نەخۆشییە، پێویستیان بە چارەسەر و دەرمانی بەردەوام هەیە.

 گرانبوون و کەمیی دەرمان گوشارێکی دوو هێندەی خستووەتە سەر ئەو بنەماڵانەی کە هاوکات لەگەڵ نەخۆشیی سەختی خۆشەویستەکانیان، دەبێت لەگەڵ تێچووی قورسی چارەسەرکردنیشدا دەستەویەخە بن.

شارەزایان و پزیشکان هەموو کات جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەبوونی دەرمانی پێویست لە کاتی خۆیدا دەبێتە هۆی دابەزینی خێرای توانا و تێکچوونی باری تەندروستیی نەخۆشەکانی سی ئێف، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دابیننەکردنی بەردەوامی دەرمانەکان دەتوانێت ژیانی ئەم تووشبووانە بخاتە مەترسیی جیددییەوە.