مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا دانی بەوەدا نا کە گرانییەکانی ئەم دواییەی بازاڕ و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر بژێویی هاووڵاتییان بۆچوونێکی ڕاستە و دۆخەکەی بە «سروشتی» وەسف کرد و گەمارۆ ئابوورییەکانی وەک پاساوی گرانی و هەڵاوسان لەقەڵەم دا.
پزیشکییان ڕایگەیاند: «پێشتر کاڵا هاوردەکراوەکان بە کەشتی و ڕێگەی ئاسان دەهاتنە ناو وڵات، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆسپ و بەربەستەکانەوە، دەبێت کۆمەڵێک ڕێگەی ئاڵۆز و دوورودرێژ ببڕن تا دەگەن، ئەمەش نرخی کۆتایی و تەواوی کاڵاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە».
ناوبراو هەروەها سەبارەت بە دابەزینی داهاتی گشتیی وڵات جەختی لەوە کردەوە کە سەرچاوە داراییەکانیان تووشی شۆک بوون؛ چونکە لە کاتێکدا پێشتر نەوت بە ئاسانی دەفرۆشرا، ئێستا بەربەستی گەورە لە بەردەم هەناردەکردندا دروست بووە و ناتوانن وەک جاران داهات دابین بکەن.
شایانی باسە کێشەکانی پەیوەست بە گەرووی هۆرمۆز و داخستنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، نەک نرخی وزەی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز نەکردووەتەوە، بەڵکوو تەنیا باری سەر شانی ئابووریی داڕماوی ئێران و خەڵکی قورستر کردووە و شەپۆلێکی توندی هەڵاوسانی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، بە جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی توندی دەریایی، هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی دوورگەی خارکەوە کە نزیکەی ٩٠ لەسەدی کۆی هەناردەی نەوتی ئێران لەخۆ دەگرێت، تووشی پەککەوتنێکی یەکجاری بووە و قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە.
لێدوانی مەسعوود پزیشکییان لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەتا ئێستا بەهۆی ناکارامەیی بەڕێوەبەری و گەندەڵییەوە خەڵکی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستی هەژارترین وڵاتانی جیهان و هەمووکات ئەو قەیرانەیان خستووەتە ئەستۆی هۆکاری دەرەکی و وڵاتانی دیکە.