٩ وڵاتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایانگەیاند کە سیاسەتەکانی خۆیان لەگەڵ سزاکانی بروکسێلدا هاواهەنگ دەکەن کە بەسەر پێنج دادوەری دادگای ئینقلاب و هەکێرێکی ڕێژیمی ئێران سەپێندراون.
ئەم بڕیارە لەلایەن وڵاتانی ئالبانی، بوسنی و هێرزەگۆڤین، ئیسلەند، لیختنشتاین، مەقدونیەی باکوور، موڵداڤی، مۆنتێنێگرۆ، نۆرویژ و ئۆکراین پەسەند کرا.
ئەم سزایانە کە بلۆکەکردنی سەرمایە و قەدەغەی سەفەرکردن بۆ ئورووپا دەگرێتەوە، بەهۆی "پێشێلکاریی بەرچاوی مافی مرۆڤ"ـەوە سەپێندراون.
لەنێو دادوەرە سزادراوەکاندا بەرپرسی لقەکانی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە کەرەج، تاران، ڕەشت و ئێسفەهان هەن، کە بە دەرکردنی سزای سێدارە و زیندانیکردن بۆ دژبەرانی سیاسی و کەمینەکان، تۆمەتبار کراون.
کەسی شەشەم، نیما ساڵحی، دامەزرێنەری گرووپی سایبێریی "ئاشیانە"یە، کە بە هاوکاری لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران و ئەنجامدانی هێرشی سایبێری بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و دامەزراوە دەرەکییەکان تۆمەتبار کراوە.
بەپێی ئەو بڕیارە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر دۆسییەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە سزا دراون گەیشتە ۲۶۹ کەس و ژمارەی دامەزراوەکانیش بووە ۵۳ ناوەند.