محەممەد باقرزادە، فەرماندەی کۆمیتەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنانی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە نامەیەکدا ڕایگەیاند کە سێ فڕۆکەوانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی کە فڕۆکە شەڕکەرەکانیان لە جۆری "سوخۆ-۲۴" لە کاتی هێرشەکانی مانگی ڕەشەمەدا کەوتبوونە خوارەوە، بە زیندوویی لەلایەن هێزەکانی قەتەرەوە دەسبەسەر کراون.
هەواڵدەری فارس، سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، ئەم نامەیەی بڵاو کردووەتەوە کە ئاتاستەی بەرپرسی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کراوە.
بەپێی نامەکە، جەواد ساڵحی، عەبدولمەجید دەشتیان و عومران بەرۆشیان ماوەی نزیکەی شەش مانگە لەلایەن هێزەکانی قەتەرەوە دەسبەسەر کراون.
باقرزادە ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی قەتەر تا ئێستا ڕێگەی نەداوە ئەم سێ فڕۆکەوانە چاوپێکەوتن یان پەیوەندیی تلفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان و بەرپرسانی بەدواداچووندا هەبێت.
پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندبوو کە جگە لە مەجید کازمی کە تەرمەکەی دوای هێرشەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ ئێران، زانیاریی ورد و دروست سەبارەت چارەنووسی سێ فڕۆکەوانەکەی دیکەی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەبەر دەستدا نییە.