لە درێژەی بەدگومانییە مێژووییەکان و سیاسەتی گۆشەگیرکردنی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕاگەیەندراوێکدا حکوومەتی فەرانسەی بە پاساوی بێبنەمای جێبەجێکردنی پرۆژەی «دەستێوەردان و دزەکردن» تاوانبار کرد.
ئەم سێناریۆسازییە نوێیەی دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم لەکاتێکدایە که تەنگەژەی دیپلۆماسیی نێوان تاران و پاریس لەسەر دەسبەسەرکردنی نایاسایی دوو دیپلۆماتکاری فەرانسەیی لە تاراندا گەیشتووەتە لووتکە.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا، هێزە بەناو ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵمەتێکی چاوەڕواننەکراودا، ئەم دوو دیپلماتکاری فەرانسەییەیان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانیان بۆ چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرد.
لەو پێوەندییەدا، ژاننوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ئەم هەڵسوکەوتەی وەکوو پێشێلکاریی ئاشکرای پارێزبەندی (مصونیت) دیپلۆماسی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە "یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان بەرەوڕووی توندوتیژی بووەتەوە و دەست بەسەر کەرەستە کەسییەکانیاندا گیراوە".
لە بەرانبەردا، پاریس وەک کاردانەوەیەک، کارداری ڕێژیمی لە پاریس بانگهێشت کرد.
هەروەها ناوەندە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیم وەک هەمیشە، پەنایان بۆ دروستکردنی تۆمەتی بێبنەما برد و بەبێ بەڵگەی سەلمێنەر، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە گوایە پڕۆژەیەک بەناوی «موریانەیی» بۆ دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی، دزەکردنە نێو دامودەزگا ئەمنییەکان و دەستێوەردان لە کاروبای نێوخۆیی ڕێژیم لەلایەن فەرانسەوە لەئارادایە.
لە بەرانبەردا، پاریس جەختی کردەوە کە کار و چالاکیی ئەم دیپلۆماتانە تەنها هاوکاریی مەدەنی، بەتایبەت لەگەڵ هونەرمەندان و ئەکادێمیستەکانی لەخۆ گرتووە.
ئەم هەڵسوکەوتە توندوتیژ و نادیپلۆماسییانەی کۆماری ئیسلامی جارێکی تر نیشان دەدات کە دەسەڵاتدارانی تاران، بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانە نێوخۆییە قووڵەکانیان، دیسانەوە پەنایان بۆ دروستکردنی درۆ و بوختان بردووە و زیاتر لە هەموو کات ڕێژیمی تووشی گۆشەگیریی دیپلۆماسیی قووڵ کردووە.