لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ هەشتاویەکەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا، کتێبی "ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین"، لە نووسین و ئامادەکردنی قادر وریا بڵاو بۆوە.
ئەم کتێبە زیاتر لە پەنجا بابەتی گرتووەتە خۆ و دەچێتە خانەی ئەدەبیاتی بەرگری، چونکە ئاوڕدانەوە و یادکردنەوە لەو لاوە خاوەنبەهرانەیە کە لە سەنگەری پێشمەرگایەتی و خەبات و تێکۆشانی حیزبی و سیاسیدا، بەهرە و توانایییە ئەدەبی و هونەرییەکانی خۆیان بۆ خزمەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی کوردستان تەرخان کردووە و هەر لەم سەنگەرەشدا شەهید بوون.
لە کتێبی "ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین"دا، ئاوڕ لە ژیانی کورت بەڵام پڕ لە تێکۆشانی زیاتر لە ٤٠ لاوی پێشمەرگەی شەهید، خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوەتەوە کە تایبەتمەندییەک، ئەوانی لە هاوڕێیانیان جیا کردووەتەوە، ئەویش بایەخدان بە هونەر و ئەدەبیات و چالاکیی فەرهەنگی شانبەشانی ئەرک و بەرپرسایەتیی پێشمەرگانە بووە. نووسەر لە پێشەکیی ئەم بەرهەمە تازە چاپکراوەیدا لە بارەی ناوی کتێبەکە نووسیویە: "ناوی 'ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین' بۆ ئەم کتێبە ناوێکی گونجاوە، چونکە زۆربەی ئەو لاوانەی لەم کتێبەدا یادم کردوونەوە، لە ڕووی بەهرە و توانایی و کاریگەرییان لەسەر کەسانی دەوروبەر و، بایەخدان بە لایەنی ڕووناکبیری خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگانە، مرۆڤێکی تایبەت بوون؛ تایبەت بوون چونکە شانبەشانی جێبەجێکردنی ئەرکی پێشمەرگانەیان، بە فێربوون و فێرکردن، بە پەرەپێدانی وەرزش و هەڵپەڕکێ، بە گرنگیدان بە ڕۆژنامەنووسی، خۆشنووسی، نووسین و شێعر، بە بایەخدان بە موسیقا، سروود، گۆرانی، نیگارکێشی، شانۆ، فیلم و وێنەگری و...هتد، لەگەڵ ستەم و تاریکی لەشەڕدا بوون و تیشکی هیوا و تریفەی جوانییان بڵاو دەکردەوە. ئەستێرە بوون بەڵام بە داخەوە زوو ڕاخوشین."
کتێبی "ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین" لە ٢٨٠ لاپەڕەدا و لە وڵاتی ئەڵمان چاپ بووە.