کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە کەرەج لە سێدارە درا

08:47 - 25 گەلاوێژ 2726

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە، ۲۵ی گەلاوێژ، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی "شەهرام سادقی"، یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ی ڕاگەیاند.

میدیا فەرمییەکانی ڕێژیم تۆمەتی ئەوەیان وەپاڵ ناوبراو داوە کە لە ۱۸ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لە شاری کەرەج، بە ئۆتۆمبێل هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەتییەکان و بووەتە هۆی برینداربوونی ٧ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هیچ زانیاری و بەڵگەیەک سەبارەت بە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی و ڕەوتی یاساییی دۆسییەکە بڵاو نەکراوەتەوە.

ڤولکێر تورک، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە تاران سزای سێدارە وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە ناو کۆمەڵگەدا بەکار دەهێنێت.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕێژیم لانیکەم ۵۶ کەسی بە تۆمەتی ئەمنییەتی لە سێدارە داوە، کە ۲۷یان پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانەوە هەبووە و زیاتر لە ۱۰۰ هاووڵاتیی دیکەش مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان لەسەرە.