کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران مزگەوت و بنکەکانی بەسیج بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی خەڵک ئامادە دەکات

08:52 - 25 گەلاوێژ 2726

لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، لە وتارێکدا بە ئاشکرا داوای بەکارهێنانی مزگەوتەکان و بنکەکانی بەسیجی بۆ سیخوڕیکردن بەسەر هاووڵاتییان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە ئاستی گەڕەکەکاندا کردووە.

میدیای ڕێژیم داوای دروستکردنی تۆڕێکی ئەمنییەتیی بۆ دروستکردنی نەخشەی گەڕەکەکان، ناسینەوەی ناڕازییان بە ناوی کەسانی گومانلێکراو و دابەشکردنی ئەرکەکان بۆ سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆی خەڵک کردووە.

ئەم هەنگاوە نیشانەی ترسی قووڵی کۆماری ئیسلامی لە وشیاریی کۆمەڵگە و ڕاکێشانی مەودای ناڕەزایەتییەکان بۆ ناو کۆڵان و گەڕەکەکان دوای ئەوەیە کە لە سەرکوتی خەڵک لە مەیدانە سەرەکییەکاندا تووشی شکست بوو.

ئەم پلانی بەسەربازگەکردنەی ناوەندە ئایینی و بەسیجەکان لەکاتێکدایە کە ڕێژیم بەرەوڕووی تووڕەیی بێوێنەی خەڵک بووەتەوە.

هاوکات میدیا نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیان بە بەکارهێنانەوەی سەرکوتکەرانی وەک حوسێن تایب لە بەسیجدا کردووە، کە دەری دەخات دەسەڵاتی تاران بۆ مانەوەی خۆی و بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران، پەنا بۆ سەرکوتکارانەترین ڕێکارەکان دەبات.