کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: دەبێت دژبەرانی نێوخۆی ئێران چەکدار بکرێن

09:24 - 25 گەلاوێژ 2726

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە پێویستە وڵاتەکەی یارمەتیی پڕچەککردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە نێوخۆی ئێراندا بدات و ئەگەری هەیە بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی ستراتێژی بەسەر تاراندا، پێویست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زیاتر بکات.

پۆمپێئۆ لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە دا کە هیواخوازە هاوکارییە نھێنییەکانی ئەمریکا بۆ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ئارادا بێت، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی لەوبارەیەوە نەبینیوە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانن پێکەوە کار بۆ دەستنیشانکردنی ڕێکخراوە گونجاوەکان و دابینکردنی کەرەستە، تەقەمەنی و توانای پەیوەندیکردنی پێویست بکەن.

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا ڕوونیشی کردەوە کە سەرەڕای گوشارە ئابوورییەکان، دەبێت هەوڵە سەربازییەکان بۆ سەر ئامانجەکانی ڕێژیم زیاد بکرێت.

ناوبراو سەبارەت بە گرنگیی کێشەکە هۆشداریی دا کە تەنیا کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بەس نییە و ڕێگەدان بە تاران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دەروازە ئاوییە، وڵاتە دژبەرەکانی دیکەش بوێرتر دەکات؛ بۆیە جەختی لەسەر پێویستیی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواو کردەوە.