ڕۆژنامەی "جێروزاڵم پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداریی دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خێراییەکی زۆر زیاتر لەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا پێشبینییان دەکرد، سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییە تێکشکێنراوەکانیەتی.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل لە خێرایی چاکبوونەوەی توانای سەربازیی تاران، بەتایبەت لە بواری مووشەکی بالستیکدا تووشی شۆک بوون.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ئەگەر ئێران درێژە بە بەرهەمهێنانی ۱۰۰ تا ۳۰۰ مووشەکی بالستیک لە مانگێکدا بدات، تا نێوەڕاستی ساڵی ۲۰۲۷ کۆگا سەربازییەکانی دەگەڕێنێتەوە ئاستی پێش شەڕ.
ئیسرائیل و ئەمریکا لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا، زیاتر لە ٢٦٠٠ بنکەی مووشەکی و سەربازی-پیشەسازییان بە ئامانج گرت و نزیکەی ٣٠ هەزار هێرشیان ئەنجام دا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیلی بڕوایان وابێت کە ئاستی کاولکارییەکە، توانای ئێرانی بۆ بووژاندنەوەی پیشەسازییە سەربازییەکان بە خێراییەکەی پێشوو پەک خستووە.
لەلایەکی دیکەوە، دوو مانگ بەسەر ئاگربەستی مانگی ژووئەندا تێپەڕیوە و پرۆسەی دیپلۆماسی بە تەواوی ڕاوەستاوە. تاران هاتوچۆی لە گەرووی هۆرمۆزدا وەک کارتی گوشار ڕاگرتووە و مەرجی هەڵگرتنی سزاکانی داناوە.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە دانوستانی درێژخایەن تەنیا کات بە ئەندازیاران و فەرماندەکانی ئێران بۆ نوێکردنەوەی ئامێرەکان و پڕکردنەوەی کۆگا ژێرزەوینییەکان دەدات. بۆیە ئیسرائیل ناتوانێت ڕێگە بدات ئەم دەرفەتە بڕەخسێت و دەبێت بەبێ چاوەڕوانکردنی ئەمریکا، مافی گرتنەبەری کردەی سەربازیی سەربەخۆ بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خۆی بەکار بهێنێت.