بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، قەتەر ڕۆژی شەممە ئیدیعاکانی پەیوەندیدار بە دەسبەسەرکردنی فڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند سەرەتای ئەمساڵ ئەو فڕۆکەوانانە ئاسمانی قەتەریان بەزاندووە و وڵامی هەوڵەکانی پەیوەندیکردنیان نەداوەتەوە.
ماجد ئەلئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی وڵاتەکەی ڕێساکانی بەربەرەکانییان ڕەچاو کردووە و ڕێکاری پێویست بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەمان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان گیراوەتە بەر.
ئەلئەنساری ئاماژەی بەوە دا کە تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی قەتەر پاشان تەرمی یەکێک لە فڕۆکەوانەکانیان دۆزیوەتەوە و بۆ هاواهەنگیی ڕادەستکردنەوەی، پەیوەندییان بە ئێرانەوە کردووە.
ناوبراو نووسیویەتی: "ئێمە بە بڕیارەوە ئیدیعا ئاراستەکراوەکان سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی فڕۆکەوانە ئێرانییەکان ڕەت دەکەینەوە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر زیادی کرد کە قەتەر لە نێوەڕاستی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکاندا بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، لەم ئیدیعایانە تووشی سەرسووڕمان بووە.
بە وتەی ئەنساری، قەتەر بانگهێشتی تیمێکی ئێرانی بۆ پشکنینی وردەکارییەکانی ئۆپراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی مانگی ئاوریل کردبوو، بەڵام تاران تا ئێستا وڵامی نەداوەتەوە.