کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم سەرقاڵی ڕێکخستنی "گیانفیدا"کان بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانە

12:36 - 25 گەلاوێژ 2726

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان، دەستی کردووە بە ئامادەکردن و ڕێکخستنی ئەو کەسانەی لە سیستەمی "گیانفیدا"دا ناویان تۆمار کردووە، تا وەک ئامرازێکی نوێ بۆ سەرکوتکردنی خەڵک لە ڕاپەڕینەکانی داهاتوودا بەکاریان بهێنێت.

ئیسماعیل فەرەجی، جێگری ئۆپەراسیۆنی ڕێکخراوی سەرکوتکەر و تێرۆریستیی بەسیج لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "دفاع‌ پرێس"ی سەر بە ناوەندە سەربازییەکانی ڕێژیم باسی لەوە کرد کە ئامانجیان ڕاهێنان و ئامادەکردنی ئەم کەسانەیە و بەرنامەیەکی بەرفراوانیان بۆ بەکارهێنانی ئەم کەسانە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ڕەزم، ناوەندەکانی بەرگریی شار و گوندەکان و پێکهاتەکانی دیکەدا هەیە.

ئەم هەنگاوەی کۆماری ئیسلامی سەلمێنەری بێدەسەڵاتیی ماشینی سەرکوتی ڕێژیمە لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکی ناڕازی ئێڕان.

ڕێژیم دەیەوێت بە پڕچەککردن و ڕەوانەکردنی ئەم هێزە سەرکوتکەرانە بۆ نێو گەڕەک و شارە جیاوازەکان، کەشێکی سەربازی و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت و هەر جۆرە ڕاپەڕینێکی ئازادیخوازانەی خەڵک لە داهاتوودا بە توندوتیژیی بێ‌بەزەییانە سەرکوت بکات.

ئەوە لەکاتێکدایە کە هاوکات هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، لە وتارێکدا بە ئاشکرا داوای بەکارهێنانی مزگەوتەکان و بنکەکانی بەسیجی بۆ سیخوڕیکردن بەسەر هاووڵاتییان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە ئاستی گەڕەکەکاندا کردووە.