کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جارێکی دیکە ئەندامێکی مەجلیسی ڕێژیم هەڕەشەی تێرۆری لە سەرۆککۆماری ئەمریکا کرد

12:48 - 25 گەلاوێژ 2726

سه‌رۆکی کۆمسیۆنی ئەمنییەت و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی مەجلیسی ڕێژیم، بۆ چەندەمین جار هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ سه‌رۆککۆماری ئه‌مریکا کرد و ڕایگەیاند؛ وا باشترە ئاگاداری ئاسایش و ئەمنییەتی خۆت بیت.

ئیبراهیم عەزیزی له‌ تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس به‌ زمانێکی هەڕەشەئامێزانە نووسیویه‌تی: «سه‌رۆککۆماری ئه‌مریکا باشتره‌ له ‌جیاتی قسە بێسەروبەرەکانی له‌سه‌ر گەرووی هۆرمۆز، پێش ئه‌وه‌ی كاره‌که‌ی بگاته‌ ئه‌وه‌ی له‌ کامیونێکی گواستنه‌وه‌ی خۆراکدا خۆی بشارێته‌وه‌، نیگه‌رانی ئاسایش و ئەمنییەتی خۆی بێت».

دۆناڵد ترامپ، لەم دواییانەدا ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە دەرچوونی نهێنی بە فڕۆکەیەکی سەربازی لە تورکیەوە بەرەو بریتانیا، دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئانکارا، لە مانگی ڕابردوودا، پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم کارەی لەسەر داوای هەواڵگریی نهێنی و ئەرتەشی ئەمریکا ئەنجام داوە.

پێشتر ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست و نیویۆرک تایمز ڕایانگەیاندبوو کە ترامپ لە دوای هەڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆرکردنی، دوای چوونە ناو فڕۆکەی تایبەتی سەرۆکایەتییەوە، لە دەرگایەکی ترەوە دەرچووە و بە کامیۆنێکی گواستنەوەی خۆراک گواستراوەتەوە. پاشان سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی سواری فڕۆکەیەکی زۆر بچووکتر لە جۆری دی ٣٢ ئەی بووە و ئانکارای بەجێ هێشتووە.

له‌كاتێکدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر له‌ قه‌یرانه‌ قووڵه‌ سیاسی، ئابووری و نێودەوڵەتییه‌كانیدا نوقم ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاته‌کەی له‌ لێواری داڕماندایه‌، به‌رپرسانی باڵای ئه‌م ڕێژیمه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی لاوازییه‌كانیان په‌نا بۆ هه‌ڕه‌شە‌، هەوڵی تێرۆریستی و لێدوانی پڕ له‌ درۆ و چەواشە ده‌به‌ن و پێشتریش دەیان بەرپرسی باڵای ڕێژیم هەڕەشەی تێرۆرکردنیان لە سەرۆککۆماری ئەمریکا کردبوو.