کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایەتیی پەرەستاران لە سەرانسەری ئێران دژی بێ مافی و کەمیی حەقدەست

12:51 - 25 گەلاوێژ 2726

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، شه‌پۆلێکی بەرفراوان و بێوێنەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەری پەرستاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی لە زۆربەی شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان دژی هەڵاواردن، کەمیی پەرستار، وڵامنەداوە بە دواکارییەکانیان و کەمیی حەقدەستەوە، پێدانی مانگانە دواکەوتووەکانیان، بڕیاری کارکردنی زۆرەملێ و زیادەکاری بە پارەیەکی زۆر کەم، دەستی پێکردووە.

ئەم مانگرتنە مێژووییە کە لە چەندین نەخۆشخانەی گەورە لە شارەکانی تاران، مەشهەد، تەورێز، شیراز، ئێسفەهان، ئیلام، کرماشان، شاباد، یەزد، کرمان و دەیان شار و شارۆچکەی دیکە بەڕێوە دەچێت، نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە کەرتی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکاندایە.

پەرستاران جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەگەڵ هەڵاوسانی توند و بەرزی تێچووی ژیاندا، مووچەی ئێستایان تەنانەت بەشی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بنەماڵەکانیان ناکات و ئەوان لە هەلومەرجێکی مرۆیی نائاساییدا کار دەکەن.

لەو ناڕەزایەتییانەدا، دروشمی ناڕەزایەتییان بەرز کردووەتەوە و ڕەخنەی توندیان لەوە گرتووە کە سەرەڕای فیداکاری و ماندووبوونی بەردەوامیان لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا و قەیرانەکاندا، دامودەزگا و وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم هیچ هەنگاوێکی کردارییان بۆ باشترکردنی بژێوی و مەرجەکانی کاریان نەناوە.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە درێژەپێدانی ئەم دۆخە و وڵامنەدانەوەی داواکارییە ڕەواکانی پەرستاران، دەکرێت کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر کوالێتیی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە سەرانسەری وڵاتدا هەبێت و قەیرانەکە قووڵتر بکاتەوە.

هەتا ئێستاش بەرپرسانی پەیوەندیدار تەنها بە بەڵێنی کاتی و وڵامی دوودڵانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم قەیرانە کردووە، ئەمەش تووڕەیی و سووربوونی پەرستارانی لەسەر بەردەوامبوون لە خەباتی مەدەنیی خۆیان زیاتر کردووە.

شایانی باسە شۆرای هاواهەنگیی ناڕەزایەتیی پەرستاران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "وێڕای پشتگیریی هەمەلایەنە لە هاوکارانمان، داوا لە سەرجەم پەرستاران و کادری دەرمانی لە سەرانسەری وڵات دەکات کە پشتگیری لە هاوکارە ناڕازییەکانمان بکەن".

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە با داواکارییەکانمان لە هەموو ناوەندە کارییەکاندا بەرز بکەینەوە و نیشان بدەین کە ئامادە نیین جیاکاریی سیستماتیک و بێمافیی دەسەڵاتداران بەسەر بارودۆخی پیشەییمانەوە قەبووڵ بکەین.