کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: ئەمریکا پێنج کارتی گوشاری ئابووریی بەرانبەر ئێران لەبەر دەستدایە

15:48 - 25 گەلاوێژ 2726

هەواڵدەریی "بلومبێرگ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا لانیکەم پێنج کارتی ئابووریی کاریگەری بۆ سەپاندنی گوشاری بێوێنە بەسەر کۆماری ئیسلامیدا لەبەر دەستدایە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کارتی یەکەم پەیوەندیدارە بە چین کە کڕیاری زیاتر لە ٩٠ لەسەدی نەوتی ئێرانە و ئەمریکا دەتوانێت لە جیاتی پاڵاوگە بچووکەکان، بانکە گەورەکانی ئەو وڵاتە بکاتە ئامانج.

هەروەها کارتی دووەم بڕینی دەستی تارانە لە سەڕافی و دەڵاڵە داراییەکانی ئێمارات و وڵاتانی دیکە بۆ گۆڕینەوەی دراوەکان.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەش داوە کە کارتی سێیەم بریتییە لە سەپاندنی "سزای ناڕاستەوخۆ" بەسەر ئەو شیرکەت و بانکانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەیە تا لە نێوان بازاڕی ئەمریکا و ئێراندا یەکێکیان هەڵبژێرن.

کارتی چوارەم دەسبەسەرداگرتنی سەرمایەکانی ڕێژیمە لە ناوچەی دادوەریی ئەمریکادا و کارتی پێنجەمیش فراوانکردنی گەمارۆدان و بەئامانجگرتنی تەواوی ژێرخانی ناوگانی سێبەری نەوتهەڵگری ڕێژیمی ئێرانە.

ئەم بڵاوکراوەیە دوای ئەوە بوو کە سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو حەفتەی داهاتوو ڕێکاری ئابووریی نوێ و کەموێنە دژی تاران دەست پێ دەکات.