مایک هاکبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە "تاقیگەی ووهان" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە تاران بووەتە ناوەندی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی گرووپە توندڕەوەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
هاکبی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "دۆناڵد ترامپ چاک لەوە تێگەیشتووە کە ئێران وەک تاقیگەی ووهان وایە؛ شوێنێک کە نەخۆشیی جیهادگەرایی تێیدا گەشەی پێ دەدرێت و ژەهری حەماس، حیزبوڵڵا و حووسییەکان بەرهەم دەهێنێت، ئەو گرووپانەی بە هەمان ئاست کە ڕقیان لە ئیسرائیلە، ڕقیان لە ئەمریکاشە."
باڵیۆزی ئەمریکا جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکیی پشتیوانیکردنی ئەم گرووپانەیە و وتی: "ئایا سەرنجتان داوە ئەو کەسانەی ڕقیان لە ئیسرائیلە، ڕقیان لە ئەمریکاش دەبێتەوە؟".
هێنانەئارای ناوی تاقیگەی ووهانی چین ئاماژەیە بۆ سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا، کە بەشێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بە هۆکاری سەرەکیی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەی دەزانن.
هاکبی بەم بەراوردکارییە، ڕێژیمی ئێرانی وەک سەرچاوەی سەرەکیی تەشەنەسەندنی توندڕەوی و نەخۆشیی تێرۆر لە ناوچەکەدا وێنا کردووە.