کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی ئینتێرنێت ٦٧ هەزار میلیارد تمەن زیانی بە ئابووریی دیجیتاڵی گەیاندووە

16:24 - 25 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی باجدانی ئابووریی خەڵک بۆ سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دانی ‌بەوەدا نا کە بڕینی ئینتێرنێت لەلایەن دەسەڵاتەوە زیاتری لە ٦٧ هەزار میلیارد تمەن زیانی ڕاستەوخۆی بە ئابووریی دیجیتاڵی و بژێویی کاسبی هاووڵاتییان گەیاندووە.

هاشمی ئاماژەی بەوە دا کە درێژخایەنبوونی بڕینی ئینتێرنێت، کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئابووریی دیجیتاڵی، پەروەردە، توێژینەوە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کاسبییەکان و تەنانەت بەڕێوەبردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەجێ هێشتووە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە جگە لە زیانی ڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان، لە ئاستی گشتیدا زیانی بە وەبەرهێنان و زانست و تێکنۆلۆژی گەیاندووە.

کۆماری ئیسلامی کە بەردەوام ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک چەکێک دژی هاووڵاتییانی خۆی بەکار دەهێنێت، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی و داپۆشینی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە بەفرانباری ڕابردوو، ئینتێرنێتی بە تەواوی بڕی؛ پاشان لە سەردەمی شەڕ و تا سێ مانگ دوای ئاگربەستیش لە گەمارۆدانی دیجیتاڵیی خەڵک بەردەوام بوو.

ئەم ئامارانە دەریانخست کە ڕێژیم بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی و پاراستنی دەسەڵاتەکەی، ئامادەیە تەواوی ئابووری و بژێویی خەڵک وێران بکات.