دونالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، واشنگتۆن هێرشە سەربازییە پلانداڕێژراوەکەی بۆ سەر ئێران ڕادەگرێت، بەهۆی ئەوەی هەردوو لایەن بە خێرایی هەوڵی ئامادەکردنی ڕێککەوتنێک دەدەن.
ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، واشنگتۆن بە ئامادەیی و توانایەکی سەربازیی بێوێنە کە لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە نەبینراوە، ئامادەی کردەوەی سەربازی دژی ئێران بوو، بەڵام تاران و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوایان لێکردووین لە هەر جۆرە هێرشێک خۆمان بپارێزین، چونکە هێڵە گشتییەکانی ڕێککەوتنەکە دیاری کراون.
ترامپ ئاماژەی بەوە دا: "ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای کردنەوەی دەستبەجێ، تەواو و بێمەرجی گەرووی هۆرمۆز و کۆتاییهێنان بە مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەبێت."
سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە لەسەر ئەم داوایە و بۆ پاراستنی داهاتووی جیهان و ئاوەدانیی ئێران بە هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکە ڕازی بووە، بە مەرجێک بە خێرایی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل پشتیوانی لەم هەوڵانە دەکات.
ئەم لێدوانانەی ترامپ دوای ئەوە هاتن کە میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان بە ئامادەکارییەکانی سێنتکام بۆ هێرشی توند سەر دامەزراوە ئەتۆمی و وزەییەکانی ئێران دابوو.