ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، دایە حەلیم جەلیلی دایکی شەهید جەعفەر جەلیلپوور لە ئاوایی چۆمەڵان سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.
دایە حەلیم ژنێکی دڵسوز و خەمخۆری حیزبی دێموکرات بوو و هیچکات لە خزمەتکردن بە ئامانجە بەرزەکانی ئەم حیزبە سڵی نەدەکرد.
کوڕێکی ناوبراو بە ناوی جەعفەر جەلیلپوور ساڵانێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە کە بەداخەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٦٨ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزی داگیرکەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە شوێنێک بە ناوی دۆڵی پردانان شەهید بوو.
ماڵی دایه حەلیم لە ناوچەی شاروێران و مام قوچاغ و چۆمەڵان و ئالبڵاغ هەمووکات جێگای حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بووە.
ناوبراو هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەیەوە کردووە و ئاواتی لەمێژینەی، ئازادیی گەل و نیشتمان بوو.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی مەهاباد و شاروێراندا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.