کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی توندی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بە سووکایەتیی ئەندامێکی مەجلیسی ڕێژیم

09:19 - 26 گەلاوێژ 2726

ئەحمەد ئاریایی‌نژاد، بەناو نوێنەری مەلایەر لە مەجلیسی ڕێژیم، لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا، بە سووکایەتی و بێڕێزییەوە باسی لە شەهیدکرانی ژینا ئەمینی کرد و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە «هەشت مانگ ئاژاوە» ناو برد.

ئاریایی‌نژاد لە بەشێک لە قسەکانیدا، لەبارەی شەهیدکرانی ژینا، دەستەواژەی "چوویتە دۆزەخ"ی بەکار هێنا و ئەوەش تووڕەیی و  کاردانەوەی توندی بنەماڵەی ژینای لێکەوتەوە.

دایک و باوکی ژینا ئەمینی لە ستۆرییەکی هاوبەشدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، قسەکانی ئەم بەناو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیمیان بە «سووکایەتی» وەسف کرد و وتیان کە ئەم جۆرە لێدوانانە لە جێگە و پێگەی کچەکەیان کەم ناکاتەوە.

هەروەها ئاماژەیان بە شەهیدکرانی کچەکەیان لە مانگی خەرمانانی ١٤٠١ و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی دوای ئەو ڕووداوە کرد و جەختیان کردەوە کە ناوی ژینا لە مێژووی ئێراندا بە نەمری دەمێنێتەوە.

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، لە بەشێک لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: «ناوی کچەکەمان لەپاڵ هەزاران مرۆڤی بێتاوانی دیکە تا هەتایە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا بە نەمری دەمێنێتەوە».

ژینا ئەمینی، ٢٢ ساڵان و خەڵکی سقز، لە مانگی خەرمانانی ١٤٠١ لەلایەن گەشتی ئێرشادی ڕێژیمەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و پاش لێدان و ئەشکەنجەی ئەو هێزانەی ڕیژیم، پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی تایبەتی نەخۆشخانەی کەسرای تاران، گیانی لەدەست دا.

قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، شۆڕشی بەربڵاوی ژن، ژیان، ئازادیی لە هەموو کوردستان و ئێران لێکەوتەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی هێنایە لێواری ڕووخان و دەنگدانەوەی جیهانی بەدواوە بوو، لەو پێوەندییەدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، هەزاران کەس شەهید بوون و هەزارانی دیکەش بریندار، دەسبەسەر، بێسەروشوێن و کەمئەندام بوون.