حکوومه‌تی یاسایی یه‌مەن، که له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه دانی پێدا نراوە، ڕایگه‌یاند که له چه‌ندین ناوچه‌ی جیاواز هێرشی مووشه‌کی و تۆپخانه‌ییان کردووه‌ته سه‌ر بنکە و مۆڵگه‌کانی گرووپی تێرۆریستیی حوسییه‌کان لە ناوچەکانی جەوف و مەئریب و زیانی زۆریان بەو گرووپە گەیاندووە.
لە ڕاگه‌یه‌ندراوی فه‌رمیی هێزه‌کانی حکوومه‌تی یه‌مەن کە له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێکسدا بڵاو کراوەتەوە هاتووە که هێزه‌کانیان «شوێنی کۆبوونه‌وه و حه‌شارگه نهێنییه‌کانی» حوسییه‌کانیان له سه‌رانسه‌ری پارێزگای باکووری جەوف کردووه‌ته ئامانج.
پێشتریش، سه‌رچاوه سه‌ربازییه‌کان ئاماژه‌یان به‌وه کردبوو که چه‌ندین هێرشی دڕۆنی دژی چه‌کدارانی حوسی له پارێزگای مەئریب ئه‌نجام دراون.
هێزه حکوومه‌تییه‌کان ڕایانگەیاند کە ته‌نیا له ڕۆژانی شه‌ممه و یه‌کشه‌ممه‌دا، زیاتر له ۱۸۱ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییان له چه‌ند پارێزگایه‌کدا دژی ئەو گرووپە بەڕێوە بردووە که بووه‌ته هۆی کوژران و برینداربوونی ده‌یان چەکداری ئه‌م گرووپه تێرۆریستییە.
قه‌یرانی یه‌مەن له ساڵی ۲۰۱۴ ده‌ستی پێ‌کرد کاتێک حوسییه‌کان بە پشتیوانی و فیتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شاری سه‌نعا پایتەختی یەمەن و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی تری ئه‌و وڵاتەیان داگیر کرد و لە کاتەوە هەتا ئێستا ئەو گرووپە لە کردەوەی تێرۆریستی و بەئامانجگرتنی خەڵکی ئاسایی یەمەن، ئیسرائیل و عەرەبستان بەردەوامە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەو هەڕەشە و هێرشانەوە هۆشداریی داوە و هەروەها دەیان وڵاتی جیهانی وەک ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپەدا دەکەن.