لە پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بۆ تاران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنگتۆن تێچووی کردارەکانی ئێران ئەوەندە بەرز دەکاتەوە کە ناچار بە گۆڕینی کرداری بێت.
مارکۆ ڕوبیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند، کردارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا توانای بەردەوامبوونیان نییە و "پێویستە کرداری ڕێژیمی ئێران بگوڕدرێت."
ناوبراو ئاماژەی بە ستراتێژیی نوێی کۆشکی سپی کرد و جیاوازیی خستە نێوان ڕووخاندنی ڕێژیم و ناچارکردنی بە گۆڕینی کردارەکانی.
ڕوبیۆ ڕوونی کردەوە کە کێشەی سەرەکیی ئێران لەوەدا کورت بووەتەوە کە تەنیا بەدوای دەسەڵاتداری خۆیەوە نییە، بەڵکوو دەیوێت شۆڕشەکەی بۆ تەواوی ناوچەکە هەناردە بکات و هەژموونی بەسەر وڵاتانی دراوسێدا بسەپێنێت، ئەمەش ئەو کردارەیە کە دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت.
ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە "تاکە ڕێگە بۆ هێنانەدیی ئەم گۆڕانکارییە ئەوەیە کە تێچووی ئەم کارانە بۆ تاران ئەوەندە بەرز بكرێتەوە کە ئیتر توانای دانی باجەکەی نەمێنێت."
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی هەستیار و ناوچەکە لەبەردەم وەرچەرخانی سیاسی و سەربازیی گەورەدایە.