لە نوێترین هەڕەشەی بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی جیهان سەبارەت بە داخستنی گەرووی هۆرمۆز، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ڕێژیم ڕایگەیاند کە لە گەرووی هۆرمۆز وەک «کارتی گوشار» بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا کەڵک وەردەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی «فارس»، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە گەرووی هۆرمۆز «توانایەکی ژێئۆپۆلێتیکییە» و ئەم «کارتی گوشارە هەرگیز وەک پێشوو نابێتەوە».
حاتەمی هەروەها وتوویەتی کە "ئەم کارتی گوشارە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکایە و ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرگری لەم توانایە دەکات".
ئەوە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە گەرووی هۆرمۆز لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەمریکادایە و ئەو بانگەشەی ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ بە بنبەست گەیشتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەر دوولا، هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتییە مەدەنی و بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بەردەوامە.
لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناڤین گەرووی هۆرمۆز بووەتە یەکێک لە هەستیارترین و کاریگەرترین خاڵە ستراتێژییەکانی جیهان و گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی سەرەکیی ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران.
ئەم ڕێگە ئاوییە دەروازەی سەرەکیی هەناردەکردنی وزە جیهانییە و بەشێکی زۆر لە نەوتی ناوچەی کەنداوی پێدا تێپەڕ دەبێت و هەڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وزەی جیهانی و بازرگانیی نێودەوڵەتیی خستووەتە مەترسیی جیددییەوە.