لە درێژەی هێرشی سەرەڕۆیانە و دەستدرێژیکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم، بنکەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و خەڵکی ئاسایی ئەم بەشەی کوردستان، ڕێژیمی تاران بە دوو دڕۆن هێرشی کردە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
دژەتیرۆری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) لە دیوی سنووری ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران".
بەپێی ئەو بەیاننامەیە، ئەو هێرشەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووتەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە "ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قەبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسایەتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە".
شایانی باسە سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە ٩٧٠ مووشەک و دڕۆنی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، تا ئێستا ٣٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەکۆی ئەو ٣٢ کەسەی لە ئاکامی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە تێرۆرستییە نیابەتییەکانی شەهید بوون، ٢٠ شەهید سەر بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.