کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سپەیسێکی تایبەت بەبۆنەی ٨١ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

11:27 - 26 گەلاوێژ 2726

شەوی یەکشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، بە بۆنەی هەشتا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سپەیسێک لەلایەن بەشی سۆشیاڵ میدیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە پلاتفۆرمی ئێکس بەڕێوە چوو.
سپەیسەکە بە سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» دەستی پێکرد و دواتر بەڕێوەبەری سپەیسەکە، لەگەڵ ئاماژەدان بە زیاتر لە هەشت دەیە چالاکیی سیاسیی حیزبی دێموکرات، جەختی لەسەر پێویستیی هەڵسەنگاندنی هاوکاتی مێژوو، دەستکەوتەکان، ئاڵۆزی و قورساییەکان، ڕەخنەکان و ئاسۆی داهاتووی حیزب کردەوە.
حەسەن واژی، کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم گفتوگۆیەدا، لەگەڵ باسکردنی مێژووی حیزب، هەوراز و نشێوەکانی خەباتی ئەو حیزبە و بارودۆخی سیاسیی کوردستان، وڵامی کۆمەڵێک پرسیاری شیکاریی سەبارەت بە ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی حیزب دایەوە.
لە ماوەی بەرنامەکەدا، بابەتگەلێک وەک کارنامەی ٨١ ساڵەی حیزب، دەستکەوت و کەموکوڕییەکان، پەیوەندیی حیزب لەگەڵ نەوەی نوێ، شوێن و پێگەی پرسی کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران، پێویستیی هاوکاری نێوان ڕەوت و هێزە سیاسییە کوردییەکان و هەروەها ئاسۆی داهاتووی حیزبی دێموکرات خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، ئاماژە بەو نرخ و تێچووە قورسانە کرا کە حیزبی دێموکرات لە ماوەی مێژووی چالاکیی خۆیدا داویەتی؛ حیزبێک کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەران، ئەندامان، کادرەکان و پێشمەرگەکانی لە ڕێگای خەبات بۆ کوردستان گیانیان بەخت کردووە و باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٦ سێ پێشمەرگەی لاوی ئەم حیزبە لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەست دا.
حەسەن واژی جەختی کردەوە کە چاوەڕوانی لە حیزبێکی سیاسی دەبێت هاوسەنگ بێت لەگەڵ تواناکان، ئامراز و پێگەی هەمان حیزب، و نابێت لە حیزبێک چاوەڕوانییەکانی ئاستی دەوڵەت یان دامەزراوەی حوکمڕانی هەبێت. لە هەمان کاتدا، جەختی لەسەر پێویستیی ڕەخنە، پێداچوونەوە و بەرپرسیارێتیی سیاسیی حیزبەکان لە بەرانبەر کۆمەڵگا کردەوە.
ناوبراو لەسەر گرنگیی پەیوەندی نێوان خەبات و چالاکییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دوا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چالاکیی سیاسی لە دەرەوەی وڵات کاتێک دەتوانێت کاریگەرتر بێت کە لەگەڵ ڕاستییەکان، داواکارییەکان و خەباتی خەڵک لە ناوخۆی کوردستان و ئێران پەیوەست بێت.
لە بەشی کۆتایی سپەیسەکەدا، حەسەن واژی باسی نەوەی داهاتووی کرد و جەختی لەسەر گرنگیی پەروەردە و بەخێوکردنی منداڵان و نەوەکانی داهاتوو بە باوەڕ بە ئازادی، ڕزگاری و مافەکانی کوردستان کردەوە. بە وتەی ناوبراو، بەردەوامبوونی خەباتێکی سیاسی تەنها بە چالاکیی نەوەی ئێستاوە پەیوەست نییە، بەڵکوو گواستنەوەی وشیاری، ناسنامە، باوەڕ بە ئازادی و هەستی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی بۆ نەوەکانی داهاتووش بەشێکی گرنگی ئەم ڕێگایەیە.
هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوان ئەزموونی نەوەکانی پێشوو و داواکارییەکانی نەوەی نوێ کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە داهاتووی خەباتی سیاسیی کوردستان پێویستی بە پێکەوەبوونی ئەزموونی مێژوویی، هۆشیاریی نەوەی لاو و پەیوەندیی بەردەوامی نێوان هێزەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەیە.
سپەیسەکە دوای خستنەڕووی کۆمەڵێک پرسیار و گفتوگۆ لەسەر مێژوو، ڕەخنەکان و ئاسۆی داهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات.