دارسمە
سەرۆککۆماری ئێران سەردەمی لاوێتیی لەنێو کورد و تورکاندا تێپەڕاندووە. جا لەبەر ئەمە لاتان شتێکی سەیر و سەمەرە نەبێت زۆر حەزی لە نامەنووسینە. ئێستاش بە ڕیشی سپییەوە خەریکە نامە لەسەر نامە دەنووسێت. کاک مەسعوودی پزیشکیان ئێستاش لە خەڵوەتی خۆیدا دەڵێت هەزار خۆزگەم بە ساڵانی پێشوو. ئەو کاتەی سەرۆککۆمارمان گەنج بوو و هەر گیفەی سمێڵی دەهات، دیارە بەردەوام خەریکی نامەنووسین بووە. ئەو کاتەی لە خزمەت باوکیدا لە "مەهابادێ" بووە. لە کاتی دڵداریدا تەنیا دەرفەتی نامەناردنی هەبووە و ئەویش هەر بە زمانی فارسی.
کاک مەسعوود پزیشکیان لە کاتێکدا بە ڕەگەز تورکی ئازەرییە، لەبەر ئەوەی وەک خۆی دەڵێت لە "سابڵاغێ" ژیاوە کوردییەکی جوانیش دەزانێت. بەڵام نە لە سەردەمی گەنجێتیی پزیشکیان و نە ئێستا کە سەرۆککۆمارە، بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتی یان "قانوونی ئەساسی"ی ئێران پشتگوێ خراوە. هەر لەبەر ئەمەش سەرۆککۆمار لە نێوان سێ زماندا هەر بە فارسی دەنووسێت.
ڕاستە لە سەردەمی لاوێتیی سەرۆککۆماردا ئەم مۆبایل و ئینتەرنێت و شتانە نەبووە و ئەویش لە جیاتی ئیمەیل و میمەیل و پەیام و مەیام و شتی وا تەنیا نامەی نووسیوە. ئەو سەردەمە ئەم گۆرانییەش باو بوو:
نامەی یار و نامەی یار
نامەی بۆنداری دڵدار
نووسراوە بە ئاوی گوڵ، بە فرمێسکی چاوی یار.
ئەو کاتەی لەژێر دەسەڵات و هەیمەنەی ڕێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیدا کاک مەسعوود کرا بە سەرۆککۆمار، دیار بوو لە باریدایە. ئێستا لە کاتێکدا ڕێبەری پێشوو هەر شەبەحی بەجێماوی بەسەر سەرمانەوەیە و کوڕە نازدارەکەی لە لایەن قەرارگای خاتەمولئەنبیاوە لە جێگەی باوکی داندراوە، ئێستا دەردەکەوێت، ئەسپاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بە بەڕێز پزیشکیان چەند لێهاتوویانە بووە. ئێستا ئەنجامی کاری ژیرانەی دانانی کەسێکی خاوەن ئەزموون لە نامەنووسیندا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری وڵاتێکی نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کەسیی بۆ هەموومان دەردەکەوێت.
لەم ڕۆژانەدا کابرایەکی ئاخوندی دانیشتووی شاری قوم کردوویەتی بە هاتوهاوار، ئەم هەموو نهێنییانەی سەرەوەی درکاندووە و دەڵێت سەرۆککۆمار لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە، لێکدالێکدا نامە بۆ ڕێبەری ئەم سەردەمەی ئێران دەنووسێت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی خۆی دەکات. وەک ئەم کابرایە دەڵێت، پزیشکیان هەتا ئێستا ٢٨ جار نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ ڕێبەر ناردووە. لێرە ئەگەر پەیڕەوانی ڕێبازی ئیمام شارەزایانە بەرەنگاری ئەم مەلا کاڵفامە ببنەوە، پێویستە خێرا لە سێدارەی بدەن و بیکوژن. ئەگەر بە وردی بیری لێ بکەنەوە ئەوەی ئەو مەلایە دەیڵێت زۆر شتێکی مەترسیدارە. کابرای مەلا خەریکە دەنگی خۆی وێڕای ئەو کەسانە بەرز دەکاتەوە کە خەریکن بیسەلمێنن خوای نەخواستە بەڕێز ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ژیاندا نەماوە و وێڕای باوکی بەڕێزیان بە زەبری بۆمبە زەویدڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل خوای نەخواستە، تێدا چووە.
ئەگەر ئێستا چاودێرێکی سیاسیی هیچ و پووچی فێڵباز بێت و ئەم ٢٨ نامەیەی دەڵێن سەرۆککۆمار بۆ ڕێبەری ناردووە، بکاتە بەڵگە؛ دەتوانێت ئەمە پشتڕاست بکاتەوە و بڵێت خۆ ٢٨ نامە لە ڕۆژێکدا نانووسرێت و کاتی دەوێت. ئەگەر ٢٨ نامەکەی پزیشکیان بەسەر زەمەنی ڕابردوودا دابەش بکات و بیگەیەنێتە سەردەمی سەرەتای دانانی ڕێبەری نوێ. ئەو کات ئەم ٢٨ نامەیە گومانێکی وا دروست دەکەن کە سەرۆککۆماری نوێ دوای ئەوەی ڕێبەری پێشوو ئەنگێورا و ئەویش پەیامێکی بڵاو کردەوە، لەو کاتەوە ویستوویەتی دەست لە کار بکێشێتەوە، بەڵام نامەکانی نەگەیشتوون.
ئاخر کەسێک بە گەنجی لەبەر بێ مۆبایلی و بێ ئینتەرنێتی سەدان نامەی نووسیبێت، ئێستا نامە بنووسێت، ئاو لە بەردی دەهێنێت. باشە چۆنە ئەم نامەنووسە شارەزایە پاش نووسینی ئەم هەموو نامەیە لە ماوەی ژیانیدا ناتوانێت بە ٢٨ نامە دڵی ڕێبەر نەرم بکات؟
کابرای ئاخوند بەم لەقاودانەی دەیەوێت دەنگۆی نەمانی ڕێبەر پشتڕاست بکاتەوە و بڵێت هەر ئەو ساتەی ڕێبەری پێشوو، شەهید کرا، ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن ڕێبەر، ئەویش بەرەو لایەک ڕاپێچ کراوە. کەسێک بڵێت ٢٨ نامەی نامەنووسێکی شارەزا لەم ماوەیەدا نەیانتوانیوە دڵی ڕێبەر نەرم بکەن یان قینی هەڵبستێنن، بێگومان ناڕاستەوخۆ دەڵێت ئێمە لە بێ ڕێبەریدا دەناڵێنین.
خۆ ئەگەر واش نەبێت، لەم شەڕە ئاشتییەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، توانراوە خوای نەخواستە دووبەرەکی بخەنە نێو ئێرانی هەمیشە ئێران و هەمیشە ئیسلامییەوە. دیسانیش ئەم ئاخوندە سزاواری کوشتنە، لە لایەک کێشەی نێوان حکوومەتی موقەدەسی کۆماری ئیسلامی زەق دەکاتەوە و لە لایەکی دیکەوە دوژمن بەوە دڵخۆش دەکات هەواڵی نەمانی ڕێبەری مەزن پشتڕاست دەبێتەوە. بەڵام بە کوێریی چاوی دوژمنانی سوێندخواردوومان لە لایەک ڕێبەری مەزن زەق و زیندووە و لە لایەکی دیکەوە سەرۆککۆماریش هەر لە یەکەم ڕۆژی دوای دانانی ڕێبەری نوێ لە پەیامەکەی پەشیمان بووەتەوە و نە دەست لەکار دەکێشێتەوە، نە دەشڵێت بەتەما نین سارۆخ و مارۆخ بە دراوسێیانی عەرەبەوە بنێین.