هەواڵدەریی "بیبیسی جیهانی" لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا ئاشکرای کرد کە دەسەڵاتدارانی ئورووپا بەڵگەیان دەستکەوتووە لەسەر ئەوەی تۆڕێکی تاوانکاریی سویدی کە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە، مێرمنداڵان بۆ ئەنجامدانی تێرۆر و بەئامانجگرتنی ناڕازییان لە سەرانسەری ئورووپادا بەکار دەهێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کە پشتی بە زانیارییەکانی یۆرۆپۆل، پلیسی سوید و ڕۆژنامەنووسی لێکۆڵەر "دیامانت سالیهوو" بەستووە، ڕێژیمی ئێران تێوەگلاوە لە بەکارهێنانی تۆڕێکی تاوانکاریی مەترسیدار بە ناوی "فۆکسترۆت" (Foxtrot) بۆ هەڵخەڵەتاندنی مێرمنداڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تا لە بەرانبەر پارەدا کردەوەی تێرۆریستی، ئۆپۆزسیۆن بەئامانج بگرن و هێرش بکەنە سەر ناوەندە دەرەکییەکان.
بیبیسی ئاماژەی بەوەش کردووە، پۆلیسی سوید پێیوایە "ڕاوا مەجید"، ڕێبەری گرووپی فۆکسترۆت، ئێستا لە تاران حەشار دراوە و لەژێر چاوەدێری و ڕێنمایی دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا کار دەکات.
لێکۆڵەران دووپاتی دەکەنەوە کە بەشێک لە هێرشەکان لەسەر داوای کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، دژبەرانی ڕێژیمی ئێران و ڕۆژنامەنووسان کراون.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەم تۆڕە تێکدەرە، تا ئێستا زیاتر لە ٢٨٠ کەس لە سەرتاسەری ئورووپادا دەسبەسەر کراون.
بەکارهێنانی تاوانباران لەلایەن تارانەوە بەشێکە لە مێژووی تێرۆری دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا، کە پێشتریش بە تێرۆرکردنی ڕیبەرانی مەزنی کورد وەکوو د.قاسملوو و د.شەرەفکەندی لە ڤییەن و بێرلین دەستی پێکردبوو.