دوابەدوای هێرشی دوژمنکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر نووسینگەی سەروکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئەو هێرشەی بە ناڕەوا و قەبووڵنەکراو ناو برد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٦ی گەلاوێژ، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، "بەپێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژەتێرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج".
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، "بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قەبووڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم".
مەسروور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، "ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".
مەسروور بارزانی جەختیشی کردەوە کە، "ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان".
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، دژەتیرۆری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لەلایەن ئێرانەوە دوو دڕۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کراوە".
بەپێی ئەو بەیاننامەیە، ئەو هێرشەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووتەوە.