دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، پێشوازیی لە واژۆکردنی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە لە نێوان عەرەبستان، تورکیە و پاکستان کرد و بە هەنگاوێکی گەورە، بوێرانە و زۆر گرنگی زانی.
ترامپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ترووس سۆشیاڵ» نووسیویەتی کە دڵخۆشە بە واژۆکردنی ئەو هاوپەیمانییە و ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە هەوڵی نزیکبوونەوەی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بەستێن بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان خۆش دەکات.
هەروەها ناوبراو نووسیویەتی کە ئەم هاوپەیمانییە ئاستێکی پێشکەوتوو لە هاواهەنگی و نزیکبوونەوەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە نیشان دەدات؛ هەنگاوێک کە لە بواری هاوکاری و بەرگریی هاوبەشدا بایەخێکی زۆری هەیە.
ئەم هاوپەیمانییە لە ڕەوتی لووتکەی سەرکردەکانی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش واژۆ کرا، کە تێیدا محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی سعوودی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە و محەممەد شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ئامادە بوون.
لە بەرانبەردا، حوسێن شەریعەتمەداری، بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهان، لە کاردانەوە بە هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە، وڵاتانی پاکستان، تورکیە و عەرەبستانی سعوودیی بە وڵاتی «بەناو موسڵمان» وەسف کردبوو.
شایانی باسە لە سەرەتای واژۆکردنی ئەو هاوپەیمانییەوە ڕێژیمی تاران ترسی زۆری لێنیشت چونکە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، دەیان جار هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کردبووە سەر وڵاتانی ناوچەکە لەوانەش عەرەبستان کە ئێستا ئەندامی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککەیە و تەریککەوتنەوە و مەترسییەکان لە دژی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی زیاد کرد و لە ئێستادا بە پشتیوانیکردنی ترامپ لەم هاوپەیمانییە، نیگەرانییەکانی ڕێژیم چەند قات بووەتەوە.