دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی بەرگریی لە بیرۆکەی ناساندنی گەرووی هۆرمۆز وەک خاکی ئەمریکا کرد و جەختی کردەوە کە کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەم ڕێڕەوە ئاوییەیان لەدەستدایە و ئێران کەوتووەتە نێو قەیرانێکی بێوێنەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: "ئەم بیرۆکەیەی کە گەرووی هۆرمۆز خاکی ئەمریکا بێت، بیرۆکەیەکی بێوێنەیە. ئێمە ئێستا لە ڕێگەی گەمارۆدانی دەریاییەوە کۆنتڕۆڵی دەکەین و من حەز لەم بیرۆکەیە دەکەم کە وەک خاکی ئەمریکا ڕایبگەیەنم. ئێمە کۆنتڕۆڵی تەواومان بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا هەیە."
ترامپ لەبارەی باڵادەستیی هێزەکانی ئەمریکا و ڕەوشی ئێرانەوە وتی: "ئێستا چەند میلیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هۆرمۆز دەهێنینە دەرەوە. نرخەکان لە دابەزیندان، مەگەر ئەوەی بڕیار بدەین کارێکی زۆر توندتر بگرینە بەر."
ناوبراو ئاماژەی بە ڕەوشی نێوخۆی ئێرانیش کرد و وتی: "کۆماری ئیسلامی تووشی هەڵاوسانی ٣٠٠٪ی بووە، سپاکەیان بە تەواوی تێکشکاوە و وڵاتەکەیان شێواوە."
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە هەینیی ڕابردووش ترامپ ڕایگەیاندبوو بە زوویی گەرووی هۆرمۆز وەک خاکی ئەمریکا ڕادەگەیەنێ.
دوابەدوای ئەوە، سەرچاوەکانی کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوە دا کە بڕیارێکی فەرمیی لەو شێوەیە نەدراوە و قسەکان زیاتر بە مەبەستی گوشاری سیاسی بوون، بەڵام سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە گەمارۆ دەریاییەکەیان سەداسەد کاریگەر بووە و هیچ کەشتییەک بێ ڕەزامەندیی ئەوان ناتوانێت تێپەڕێت.