کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرتزۆگ: ئێران هێشتا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە

09:50 - 11 گەلاوێژ 2726

ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز دیجیتاڵ" هۆشداریی دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەمریکا و سەقامگیریی جیهان، جەختیشی کردەوە کە ئیدۆلۆژی تاران سنووری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەزاندووە.

هێرتزۆگ ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران بۆ چەندین دەیەیە بووەتە مەترسییەکی ستراتێژی بۆ سەر ئەمنییەتی جیهان، نە تەنیا بۆ ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوان بژێوی و سامانی خەڵکی خۆیان دەبڕن و لەپێناو پشتیوانیکردنی تێرۆر لە سەرانسەری جیهاندا خەرجی دەکەن."

سەرۆککۆماری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرنامەی مووشەکی، پشتیوانیکردنی گرووپە نیابەتییەکان و هەوڵە ئەتۆمییەکانی تاران، لەسەر بنەمای ئیدۆلۆژییەکەی بەڕێوە دەچن.

ناوبراو هەروەها وتی: "ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەمریکا لەلایەن ئەم ڕێژیمەوە کوژراون، بۆیە ئەمە مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا."

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە تاران تاکوو بە شێوازێکی جیددی نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان کە جێگەی ڕەزامەندیی دونالد ترامپ بێت، باجدانی بەردەوام دەبێت.