کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی دەرمان لە ئێران؛ ژیانی هەزاران نەخۆش لە مەترسیدایە

09:33 - 27 گەلاوێژ 2726

گرانبوون و کەمبوونی بەرچاوی دەرمان لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی قەیراناوی و خەڵک بۆ پەیداکردنی بڕێکی کەمی دەرمان ناچارن حەفتانە بە دەیان دەرمانخانەدا بگەڕێن.

ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە جگە لە نایاببوونی دەرمانی شێرپەنجە، هێمۆفیلی، گورچیلە و ئێم ئێس، لەم دواییانەدا دەرمانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێش لە بازاڕدا نەماون و نرخی هەندێک دەرمانی خەمۆکی گەیشتووەتە ٨٠٠ هەزار تەمەن و دەرمانی ئالپرازۆلام بە تەواوی ڕاوەستاوە.

بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری ئەم بارودۆخە بۆ شەڕ، داخرانی گەرووی هۆرمۆز و لابردنی دراوی پاڵپشتیکراو دەگەڕێننەوە و لەگەڵ کەمبوون و گرانبوونی دەرمانە بیانییەکان، بازاڕی دەرمانی ساختەش گەشەی کردووە.

سەلمان ئێسحاقی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم، دانی بەوەدا نا کە ئێران تووشی کەمبوونی هەزار قەڵەم دەرمان بووەتەوە و ٤٣ قەڵەمیان لە قۆناغی بڕانی مەترسیداردان.

ئێسحاقی هۆشداریی دا کە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشە ساڵی داهاتوو دەکاتە "ساڵی کۆمەڵکوژیی نەخۆشەکان."

ئەم کەمبوونی دەرمانە تەنانەت ئانتی‌بیوتیکەکان و ماددە سەرەتاییەکانی سیتی‌سکەنیشی گرتووەتەوە.

پزیشکان هۆشداری دەدەن کە پچڕانی دەرمانی نەخۆشییە قورسەکان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی تێکچوونی بارودۆخ و گیانلەدەستدانی نەخۆشەکان.