دوای هێرشی سەرەڕۆیانە و دوژمنکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەسانەوەی بەڕێوەبەری پاراستن، لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عێراق، ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا و چەندین وڵاتی دیکەوە مەحکووم کرا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو هێرشە درۆنییەکەی ڕێژیمی تارانی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند: ""بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنیان کردە ئامانج و ئەم هێرشانە بە تەواوی ڕەتکراوەیە و پەرەسەندنێکی مەترسیدارە".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لەوبارەوە ڕایەگەیاند: "ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنها ڕێزنەگرتنە لە هەڵوێست و ڕۆڵی ئاشتیخوازنەی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە و بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین".
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانیش، وێڕای مەحکوومکردن، ئەو هێرشانەی بە دژایەتیی و پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێتیی و نەپرینگانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕەفتاری دوژمنکارانە دژی هەرێمی کوردستان زانی.
هەروەها مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند: "ئەم بەئامانجگرتنە کارێکی قەبووڵنەکراو و نائەخلاقییە، هەروەها هێرش بۆ سەر ئیرادەی گەلی هەرێم و بەشێکی بنەڕەتیی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق."
پارتی گەشەپێدانی تورکمان وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشەی ڕێژیمی تاران، جەختی کردەوە کە "هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی دێموکراتیکە و بنکەیەکی ئارامە بۆ گشت پێکهاتەکان و نموونەی برایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە".
لەو پێوەندییەدا، کونسولخانەی بریتانیا پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئەو هێرشەی مەحکووم کرد.
شاندی یەکیەتیی ئورووپا لە عێراق و باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەندام، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەکەی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان لە پیرمام کرد.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و ڕایگەیاند: "ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی عێراق و داوای لە حکوومەتی فێدراڵی کرد ڕێکاری بەپەلە بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە بەر".
هاوکات نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریە لە پەیامێکی فەرمیدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و هێرشەکەی وەک دەستدرێژی بۆ سەر "هاوپەیمانە جێمتمانەکانی ئەمریکا" و هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کرد.
هەروەها عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوە و شوێنی ئاراستەکردنی ئەو دڕۆنانە و جەختی کردەوە دەبێت بە زووترین کات ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، هێرشەکەی بە پێشهاتێکی مەترسیدار ناو برد و داوای ڕوونکردنەوەی فەرمیی لە ڕێژیمی ئێران کرد.
هەروەها زیاتر لە ٩٠ پەرلەمانتاری پارلەمانی عێراق واژۆیان لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ بەستنی دانیشتنێکی بەپەلە و نائاسایی پەرلەمانی عێراق لە شاری هەولێر، وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ خەڵکی کوردستان.
شایانی باسە ئەو هێرشە لەلایەن دەیان کەسایەتیی ناوچەیی و جیهانییەوە مەحکووم کرا و لە دەنگدانەوەی میدیایی جیهانیی لێکەوتەوە.
سەرلەبەیانیی دوێنێ دووشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) لە دیوی سنووری ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.