کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتی باجخوازانە و هەڕەشە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر ئەمنییەتی دەریاوانی و بازرگانیی جیهانی، جارێکی دیکە سەبارەت بە تێپەڕبوون لە گەرووی هۆرمۆز، هەڕەشەی لە کەشتییە بازرگانییەکان کرد.
دوابەدوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتە ٦٠ ڕۆژەکەی ڕێککەوتنی کاتی و سەپاندنی باڵادەستیی ئەمریکا بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییەدا، ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سپای تێرۆریستیی پاسداران، لە هێرشێکی زارەکیدا دانی بەوەدا نا کە گەرووەکە کراوەیە، بەڵام هەڕەشەی کرد کردەوەی تێکدەرانە دژی کەشتییەکان ئەنجام دەدەن.
زولفەقاری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ترامپ ڕاست دەکات؛ گەرووی هۆرمۆز کراوەیە و کەشتییەکان دەتوانن تێپەڕ بن، بەڵام دوای تێپەڕبوون، چەندین کونی جوان لە جەستەیاندا دەدۆزنەوە."
ئەم هەڵوێستەی زولفەقاری، بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای بێدەسەڵاتیی تاران لە گەرووی هۆرمۆزە؛ کاتێک کۆماری ئیسلامی توانای بەربەرەکانێی فەرمی و سەربازی لەدەست دەدات، بۆ داپۆشینی شکستەکەی پەنا بۆ هەڕەشەی تێکدەرانە، تێرۆری دەریایی و تێکدانی ئەمنییەتی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەبات.