ڕێکخراوی ئۆپراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە کەشتییەک لە کاتی دەرچوونی لە گەرووی هۆرمۆزدا، کراوەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم ڕێکخراوە، ژووری ماتۆڕخانەی کەشتییەکە تووشی زیان بووە و خەدەمەیەک بریندار بووە و پاسەوانی سنووری دەریایی عومان لە ئێستادا سەرقاڵی فریاگوزاری بۆ خەدەمەی دیکەی ئەو کەشتییەن.
ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا ڕایگەیاند کە هیچ زیانێکی ژینگەیی نەکەوتووەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا تووشی ئاستەنگی توند بووەتەوە؛ بە شێوەیەک پێش دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا ڕۆژانە زیاتر لە ١٣٠ کەشتی لەم ڕێڕەوە ئاوییەوە تێپەڕ دەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان زۆر کەمی کردووە.
ڕێژیمی ئێران لە دەستپێکی شەڕەکەوە بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا و لەدوایین هەڕەشەدا، وتەبێژی قەرارگای خەتەمولئەنبیای سپای تێرۆریستیی پاسداران هەڕەشەی کرد کە هەر کەشتییەک لە گەرووی هۆرمۆزدا تێپەڕێت کونێک لە جەستەی خۆیدا دەدۆزێتەوە.