کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەیاننامەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان یادی لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠ بەرز ڕاگیرا

11:01 - 27 گەلاوێژ 2726

لە ١٣٤ـەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کۆمەڵکوژیی زیندانییە سیاسییەکان هاوینی ٦٧، یادی ئەو لەسێدارەدراوانە بەرز ڕاگیرا و لە بەیاننامەی ئەو کەمپەینەدا بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" باسی لێوە کراوە.

لە بەشی سەرەتای ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە "لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی زیندانییە سیاسییەکان لە هاوینی ٦٧، کە لەلایەن جاوید رەحمان، ڕێپۆرتێری پێشووی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک «تاوان دژ بە مرۆڤایەتی» ناسێنرا ــ یاد و ناوی سەرجەم گیانبازانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی بەرز ڕادەگرین".

هەروەها باس لەوە کراوە کە "هیواخوازین لە داهاتوویەکی نزیکدا بکەران و فەرماندەرانی ئەم کارەساتە دژەمرۆییە، لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا بە سزای خۆیان بگەن".

لە بەیاننامەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا نووسراوە، "دادخوازیی تاک بە تاکی ئەو خۆشەویستانە و هەموو ئەو کەسانەین کە لەلایەن دیکتاتۆریی دەسەڵاتداری ڕێژیمی تارانەوە لە سێدارە دراون".

هەروەها نووسراوە کە "ڕێژیمی ستەمکار لە حەفتەی ڕابردووشدا دوو بەندکراوی سیاسیی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار بە ناوەکانی شارام سادقی و محەممەد (چەراگ) ئەفرووختەی بە دڕندەیی لە کەرەج لە سێدارە دا".

بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەمپەینە، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ەوە تا ئێستا ٣٩ کەس لە سێدارە دراون.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مانەوەی خۆی لە سەرکوت و لەسێدارەداندا دەبینێتەوە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە بەهۆی چالاکیی ئەو کەمپەینە و ناڕەزایەتیی خەڵکەوە، لە مانگەکانی ڕابردوودا ٣٢ وڵاتی جیاوازی جیهان لە بەیاننامەی زۆر گرنگدا، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکانیان لە ئێران کردووە.

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە "ئێمە ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، داوا لە سەرجەم ئەم وڵاتانە دەکەین کە بۆ کاریگەریی لەسەر ڕاگرتنی ماشێنی لەسێدارەدان، سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی ئێران ببەستنەوە بە ڕاگرتنی تەواوەتی لەسێدارەدانەکانەوە".

شایانی باسە کۆمەڵێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی گەچساران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، پەیوەستبوونی فەرمیی خۆیان بەو کەمپیەنە ڕاگەیاند. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێژەی بەندیخانەکانی ئەندام لەم کەمپەینە، گەیشتە ٦٠ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێران.