کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هاوسەری شەهیدێکی کوردستان لە هەورامان

11:57 - 27 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥، خاتوو شەمام عەزیزی ژنە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و هاوسەری شەهید حەمەلاو حوسێنی، خەڵکی ئاوایی "شێخان"، سەر بە شاری نەوسوود، کۆچی دوایی کرد.

شەهید حەمەلاو حوسێنی لە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی، لە ئاوایی شێخان لە دایک بوو، لە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٦٣ لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزی داگیرکەری تاران و لە بەرگرییەکی قارەمانانەدا، لە شوێنێک بە ناوی بەلەبزان شەهید بوو.

 خاتوو شەمام سەرەڕای نیشتمانپەروەری و دڵسۆزیی بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەی، دوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەشی، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە، منداڵەکانی بە پەروەردەیەکی دروست پێگەیاند.

 ناوبراو هەتا لە ژیاندا مابوو بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات، شەهیدان و هاوسەرە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە و شانازیی بەوەوە دەکرد کە هاوسەری شەهیدێکی کوردستانە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری نەوسووددا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی هاوبەشی خەمیان دەزانێت.