سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی شاری تاران ڕایگەیاند کە ٤٠ نەخۆشخانەی تاران هیچ جۆرە مۆڵەت و پەسەندکراوێکی سەڵامەتییان نییە. وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمیش لە بەرانبەر سڵامەتیی هاووڵاتییاندا هیچ بەرپرسایەتییەک هەڵناگرێت.
مێهدی بابایی سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی شاری تاران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە نەخۆشخانەکانی "سینا"، "خومەینی"، "یافت ئاباد" و "ڕەسووڵی ئەکرەم" و چەند نەخۆشخانەی دیکە، هێشتا لە ڕیزبەندیی نەخۆشخانە «قەیراناوی» و «زۆر مەترسیدارەکان»ی تاران بە ئەژمار دێن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە نەخۆشخانەی "سینا" تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سڵامەتی ئەو نەخۆشخانانە نەناوە و داوای کرد کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، درێژکردنەوەی مۆڵەتی چالاکیی ناوەندە دەرمانییەکان بە مەرجی وەرگرتنی پەسەندکراوی سڵامەتی ببەستێتەوە.
سەرۆکی لێژنەی سڵامەتیی ئەنجومەنی شاری تاران ئاماژەی بەوەش کرد کە پلۆمپکردنی نەخۆشخانەکان بە سەرنجدان بە گرنگیی چالاکییەکانیانەوە، نەگونجاوە و کارێکی دروست نییە، هاوکات هۆشداریی دا کە لە کاتی ڕوودانی هەر کارەساتێک لەو ناوەندانەدا، بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی.
ئەوە لەکاتێکدایە کە لە شار و ناوچەکانی کوردستاندا سەدان نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی هەن کە سەرەڕای کەمیی پەرستار و دەوا و دەرمان، لە بواری قایمسازیشەوە هیچ ستاندارێکی سڵامەتییان نییە و پزیشکان و شارەزایان لەو بوارەوە هۆشداریی جیددییان داوە کە لە ئەگەری هەر جۆرە کارەساتێکی سروشتیدا، ئەو نەخۆشخانانە توانای خۆڕاگرتنیان نییە و کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.