ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی ئێران بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم ئاشکرای کرد، ڕێژەی هەژاری لە ئێراندا کە ئەمساڵ بە ٤١ لەسەد خەمڵێندراوە، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، تا دوو ساڵی دیکە دەگاتە ٤٥.٥ لەسەد و نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئێران دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە چوار دەیەیە مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشینکراو ڕووبەڕووی داڕمانی ئاستی بژێوی، دابەزینی توانای کڕین و جیاکاری بوونەتەوە.
جەختیشیان کردووەتەوە کە هاتن و چوونی کابینەکانی دەسەڵات و مەجلیسەکان جگە لە بەردەوامیی جیاکاری، جێبەجێنەکردنی یاساکان و بچووکبوونەوەی سفرهی بنەماڵەکانیان، هیچ دەستکەوتێکی بۆ ئەوان نەبووە.
لە کۆتاییدا، بەیاننامەکە جەخت دەکاتەوە کە مافەکانی مامۆستایان بە بەڵێن بەدەست نایەن و پێویستی بە بەردەوامیی داواکارییە مەدەنییەکان هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە وڵامی ڕێژیم بۆ ئەم داواکارییانە توندوتیژی بووە، بە جۆرێک بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لانیکەم ٦٠ مامۆستا و چالاکوانی مەدەنی لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکاندا دەسبەسەر یان زیندانی کراون.