لە سایەی سیاسەتە ئابوورییە وێرانکەرەکانی ڕێژیمی ئێراندا، هەواڵدەریی "ئیلنا" دانی بەوەدا نا کە مەودای نێوان داهات و تێچووی بژێویی ژیان گەیشتووەتە ئاستێکی کەموێنە و ئێستا بنەماڵەیەکی کرێکاری پێویستی بە ٩٠ میلیۆن تەمەن هەیە، لە کاتێکدا زۆربەی کرێکاران تەنانەت بەشێکی زۆر کەمی ئەم بڕەیان دەست ناکەوێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، مووچەی دیاریکراوی ڕێژیم بۆ کرێکاران لەگەڵ تەواوی ئێمتیازەکاندا ناگاتە ٢٥ میلیۆن تەمەن؛ مووچەیەک کە لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی سەرسووڕهێنەری نرخەکاندا هیچ بەهایەکی نەماوە.
ئەم دۆخە کارەساتبارەی ڕێژیم بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە، نەک هەر کرێکاران و خانەنشینانی لە دەستڕاگەیشتن بە نیشتەجێبوون، پەروەردە و دەرمانی بێبەری کردووە، بەڵکوو دابینکردنی بڕە خۆراکێکی سادەشی کردووەتە خەون.
فەرامەرز تۆفیقی، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی مووچە لە ئەنجومەنی باڵای کار ڕایگەیاند کە مووچەی مانگانەی کرێکارێکی خێزاندار ٢٤ میلیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەنە.
تۆفیقی ڕوونی کردەوە کە توانای بژێویی ئەم مووچەیە لە سەرەتای ساڵدا تەنیا بۆ ١٧ ڕۆژ بەش دەکرا، بەڵام لە کۆتایی پووشپەڕدا دابەزیوە بۆ ٢٧.٥٨٪ و تەنیا بەشی ٨ ڕۆژی مانگ دەکات.
ناوبراو جەختی کردەوە کە کرێکاران زیاتر لە ٢٠ ڕۆژی مانگ هیچ داهات و دەستکەوتێکیان بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان لەبەر دەستدا نییە.