کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ترسی ڕێژیمی ئێران لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی سەرانسەری

14:36 - 27 گەلاوێژ 2726

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێک نیگەرانن کە سزا و گوشارە ئابوورییە نوێیەکانی ئەمریکا ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی راپەڕینی سەرانسەری و ڕووخانی زیاتری ڕەوایی ڕێژیم.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا هۆشداریی دا کە واشنگتۆن سزای بێوێنە بەسەر تاراندا دەسەپێنێت و هەروەها بەرپرسانی ڕێژیم دان بەوەدا دەنێن کە داڕمانی ئابووری، دۆخەکە بەرەو تەقینەوە دەبات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە ٦٦٪ و هەڵاوسانی خۆراکیش بۆ ١٢٨٪ بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا مووچە لە خاکەلێوەی ئەمساڵ لانیکەم لە ١٠٥ بۆ ٨٦ دۆلار دابەزیوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ترسی تاران لە ناڕەزایەتییەکان لە دامەزراندنەوەی حسێن تائێب بۆ بەرپرسایەتی بەسیج و تەشەنەسەندنی لەسێدارەدان و دەسبەسەرکردنی چالاکواناندا بە ڕوونی دەردەکەوێت.

لەلایەکی ترەوە، گەمارۆی دەریایی هەناردەی نەوت و داهاتی ڕێژیمی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.

مەسعوود پزیشکیان دانی بە دابەزینی زۆری داهاتەکان و گرانبوونی کالا هاوردەکراوەکاندا نا؛ هاوکات بە وتەی نۆینەرانی مەجلیسی ڕێژیم، بەهۆی گەمارۆکانەوە هاوردەکردنی بەنزین ڕاوەستاوە و وڵات تووشی کورتهێنانی ڕۆژانەی ٧ میلیۆن لیتر بەنزین بووەتەوە.