کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلۆمبێرگ: ئاشتی بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی مەترسیدارترە لە شەڕ

16:24 - 27 گەلاوێژ 2726

هەواڵدەریی بلومبێرگ لە شیکارییەکدا نووسیویەتی، ڕێبەرانی نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای زیانە قورسەکانی شەڕ، بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادان بەسەر ئاشتیدا هەڵدەبژێرن؛ چونکە کۆتاییهاتنی شەڕ دەکرێت گوشارە نێوخۆییەکان و مەترسیی گەڕانەوەی خۆپیشاندانەکان زیاد بکات.

بەپێی ئەم شیکارییە، شەڕ بۆ دەسەڵاتێک کە پێشتر ناڕەزایەتییەکانی سەرکوت دەکرد، دەرفەتێکی نوێی خولقاندووە کە دەسەڵاتی خۆی پتەو بکاتەوە. بلۆمبێرگ دەڵێت فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران شەڕ بە «مانەوە» دەزانن و پێیانوایە ململانێکان هێشتا لە سەرەتادایە.

ئەم هەواڵدەرییە هەروەها نووسیویەتی موجتەبا خامنەیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و قەیرانی ئابووری، چارەسەرێکی باشتر لە باوکی نییە و دۆخی ئابووریی ئێران خراپتر بووە. مەسعود پزیشکییان لە ململانێ نێوخۆییەکانی دەسەڵاتدا لەسەر پێشخستنی ئابووری و کۆتاییهێنان بە شەڕ شکستی هێناوە.

بلۆمبێرگ، دووبارە سازکردنەوەی پێکهاتەی ئەمنی و زیادکردنی کۆگاکانی مووشەک و دڕۆنی بە نیشانەی ئامادەیی تاران بۆ شەڕێکی درێژخایەن زانیوە.

 بەپێی زانیارییەکانی ئەو هەواڵدەرییە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئەو کاتەی توانای هەبێت هەڕەشە لە نەوتهەڵگرەکان و ژێرخانی ئابووریی  ناوچەکە بکات، دەتوانێت لە بەرانبەر ئاشتیدا بەرگری بکات.