کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی بریتانیا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم

10:05 - 11 گەلاوێژ 2726

کۆنەپارێزانی بریتانیا داوایان لە حکوومەتی وڵاتەکەیان کرد بە بەکارهێنانی دەسەڵاتە نوێیەکانی ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و «تۆڕی زیندەشتی» وەک ڕێکخراوی تێرۆریستی بناسێنێت.

ڕۆژنامەی بریتانیایی "تێلێگراف" ڕۆژی شەممە ۱۰ی گەلاوێژ، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، ڕووبەڕووی داواکاریی کۆنەپارێزانی وڵاتەکەی بووەتەوە بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی ئاسایشی نیشتمانی دژی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە «زیانبەخشترین» دامەزراوەی سیخوڕیی تاران ناویان بردووە.

هەروەها کۆنەپارێزان لە ئێستادا داواکارن هەمان یاسا کە دژی سپای پاسداران لەو وڵاتە گیراوەتەبەر، بە هەمان شێوە دژی وەزارەتی ئیتلاعاتیش کە بەرپرسی کردەوەی تێرۆریستییە دەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە بگیردرێتەبەر.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی لیژنەی هەواڵگری و ئاسایشی پارلەمانی بریتانیا، وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لەم چەند ساڵەی دواییدا پلانی تێرۆر و ڕفاندنی هاووڵاتییانی بریتانیاییان داناوە.

دەزگا هەواڵگرییەکانی بریتانیا ئەو دوو ناوەند و هێزەی ڕێژیمیان بە «هەڕەشەی جیددی» بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە لەقەڵەم دا.

هەروەها لێژنەکە ڕایگەیاند: «ئیران لە تێرۆر وەک ئامرازێکی سیاسەتی دەوڵەتی کەڵک وەردەگرێت و بەئامانجگرتنی نەیاران بۆ وەزارەتی زانیاری و سپای پاسداران لە سەرەتای هەموو ئەرکێکەوەیە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ـەوە لانیکەم ١٥ هەوڵ بۆ کوشتن یان ڕفاندنی هاووڵاتییانی بریتانیایی یان کەسانی نیشتەجێی بریتانیا لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ئەنجام دراوە.

دەوڵەتی بریتانیا پێشتریش بە فەرمی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وڵاتەکەیەوە.