کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری سەبارەت بە کەمیی گاز لە زستاندا بەهۆی زیانەکانی شەڕەوە

08:41 - 28 گەلاوێژ 2726

لە دوای زیانپێکەوتنی ژێرخانەکانی گازی سروشتیی ئێران لە ئاکامی شەڕی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران، ئەگەری هەیە چەندین پارێزگای ئەو وڵاتە لە زستانی ئەمساڵدا ڕووبەڕووی کەمی و پچڕانی گاز ببنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیرنا"، هوشەنگ سەیدالی، بەڕێوەبەری هاواهەنگیی کاروباری گازگەیاندن لە شیرکەتی میللیی گازی ئێران، هۆشداریی دا کە بەبێ بەرنامەڕێژیی ورد و هاواهەنگ، چەندین پارێزگا ڕووبەڕووی کێشەی دابینکردنی گاز دەبنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە سێ پارێزگای باکوور (خوراسانی باکوور، مازەندەران و گوڵستان) ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختتر دەبنەوە و بەپێی ئاستی پەستانی تۆڕی سەرانسەری، ئەگەری هەیە لە هەشت پارێزگای دیکەشدا سنووردارکردن بسەپێندرێت.

سەیدالی داوای لە بنەماڵەکان و پیشەسازییەکان کرد کە دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگرن و جەختی کردەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی گاز لە وەرزە ساردەکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە.

هەروەها هۆشداریی دا کە بەهۆی بەستراوەیی بەشێکی زۆری بەرهەمهێنانی کارەبا بە گازی سرووشتییەوە، ئەگەری هەیە بەرهەمهێنانی کارەباش تووشی ئاستەنگ ببێتەوە.

ئیرنا ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە هێرشە ئەنجامدراوەکان بۆ سەر ژێرخانەکانی گازی ئێران لە کاتی شەڕی ئێستای نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا، توانای بەرهەمهێنانی گازی ئەو وڵاتەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.