کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردنی جێگری پێشووی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم لە کانادا

08:44 - 28 گەلاوێژ 2726

ئاژانسی خزمەتگوزارییە سنوورییەکانی کانادا (CBSA) ڕایگەیاند سەید سەلمان سامانی، جێگر و وتەبێژی پێشووی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێرانی لە خاکی ئەو وڵاتە دەر کردووە.

سامانی دووهەمین بەرپرسی پلەبەرز و سەرکوتکەری ڕێژیمی ئێرانە کە لەسەر بنەمای یاسای ساڵی ٢٠٢٢، بۆ قەدەغەکردنی هاتنەناوەوەی دەستەڵاتدارانی تاران بۆ کانادا، بڕیاری دەرکردنی لەسەر دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی CBSA، سامانی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠٢١ لە پۆستە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمدا کاری کردووە و وەفاداریی تەواوی خۆی بۆ سیستەمی سەرکوتکەری تاران سەلماندووە.

لێژنەی کۆچ و پەنابەریی کانادا لە ساڵی ٢٠٢٤ بڕیاری دەرکردنی دا و دادگای فێدراڵیش ئەم حەفتەیە داواکاریی پێداچوونەوەکەی ڕەت کردەوە.

دادوەر "سێباستیەن گرامۆند" جەختی کردەوە کە وەزارەتەکەی سامانی، سەرپەرستیی ئەو هێزە ئەمنییەتییەکانی کردووە کە لە کوشتاری هاووڵاتییان بەرپرس بوون؛ هەروەها وەک وتەبێژ لە کاتی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ۱۳۹۸دا بە ئاشکرا بەرگریی لە تاوانەکانی ڕێژیم کردووە.

دادگا بانگەشەکانی سامانیی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کانادا لە دەرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤدا، لە سەرووی ئیدیعاکانی ناوبراوە.

ئاژانسی خزمەتگوزارییە سنوورییەکان بەدواداچوونی بۆ زیاتر لە ١٨٠ کەسی گوماناویی سەر بە ڕێژیم کردووە و ٣٧ کەسی وەک بەرپرسی پلەبەرز دەستنیشان کردووە؛ تا ئێستا بڕیاری دەرکردن بۆ چەندین کەسیان دەرچووە و دۆسییەی دەیان کەسی دیکەش لە دادگادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.